دەستگیرکرا
ساختەکارێک بەناوی “دادگاوە” پارەی لە بەرپرسان سەندووە
وریا فەتاح
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف کەسێکی دەستگیرکردووە کە خۆی وەک فەرمانبەری نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لیژنەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سەر بە سەرۆکایەتیی وەزیران ناساندووە، بە مەبەستی هەڕەشەلێکردن و پارەسەندن لە بەرپرسان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکە، تۆمەتبارەکە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی (تاپۆ) نەجەفەوە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کۆبوونەوەدایە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری. هەروەها پێی وتووە کە ناوی بەڕێوەبەرەکە لە لیستی فەرمانەکانی دەستگیرکردندایە، بەڵام دەتوانێت لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئەو رێکارانە هەڵبوەشێنێتەوە.
راگەیەندراوەکە ئاشکراشی کردووە کە ئەمە یەکەم کاری ئەو تۆمەتبارە نییە، بەڵکو پێشتریش بە هەمان شێوە هەڕەشەی لە هەریەک لە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکە کردووە بۆ ئەوەی پارەیان لێ وەربگرێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، دادگا رێکارە یاساییەکانی گرتووەتەبەر و دوای کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست، تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە. لە ئێستاشدا وتەکانی لە ڕووی دادوەرییەوە تۆمار کراون و ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێت تا بەپێی یاسا دادگایی بکرێت.