قوتابخانەکەیان تەواو بوو
دواى 19 رۆژ لە بایکۆت؛ قوتابیانى لانە سیتى گەڕانەوە
میلاد جەلال- گەرمیان
دوای تێپەڕبوونی 19 رۆژ بەسەر بایکۆتکردنی دەوام بەهۆی خراپیی بینای قوتابخانەکەیانەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، خوێندکارانی قوتابخانەی “لانە” لە قەزای کەلار گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام کەسوکاریان مۆڵەتێکی 10 رۆژە دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان.
رۆژی 22ـی مانگی رابردوو، کەسوکاری خوێندکارانی ئەو قوتابخانەیە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بڕیاریاندا منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە نەنێرن. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە قوتابخانەکە لە چەند کابینەیەک پێکهاتووە و بەهۆی کۆنییەوە کابینەکان رزیون و ژینگەیەکی نەگونجاویان بۆ خوێندن دروستکردووە.
هەر لە رۆژی گردبوونەوەکەدا، وەزیری پەروەردە بڕیاریدا وەک چارەسەرێکی کاتی، قوتابخانەیەکی نوێی کابینەییان بۆ دروست بکرێت، تا ئەوکاتەی پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانە سەرەکییەکەی قوتابخانەکە بە یەکجاری تەواو دەکرێت. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ هەفتە، تا ئێستا کارەکانی دروستکردنی قوتابخانە کاتییەکەش تەواو نەکراوە.
بۆ ئەوەی خوێندکاران لە وانەکانیان دانەبڕێن و پرۆسەی خوێندنیان نەفەوتێت، ئەمڕۆ کەسوکاری خوێندکارەکان ناچاربوون جارێکی دیکە منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ هەمان قوتابخانە کۆنەکە و دەست بە دەوام بکەنەوە.
لەگەڵ شکاندنی بایکۆتەکەدا، کەسوکاری خوێندکاران هۆشدارییان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و مۆڵەتی 10 رۆژیان بۆ دیاریکردوون. ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر لە ماوەی ئەو 10 ڕۆژەدا قوتابخانە نوێیەکە تەواو نەکرێت، ئەوا جارێکی دیکە دەست بە بایکۆت دەکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک منداڵەکانیان نانێرنەوە بۆ ئەو باڵەخانە کۆنەی ئێستا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح