964 لە شوێنەکەیە "هەموو بریندارەکان جەستەیان سووتاوە"
دوایین زانیاری لەسەر رووداوی تەقینەوەی دوێنێی غازەکەی سەرکەپکان
فەرمان مەلا حەسەن
دۆخی تەندروستی ئەو خێزانەی کە دوێنی بەهۆی رووداوی تەقینەوەی غازێک لە گوندێکی ناحیەی سەرکەپکانی ئیدارەی راپەڕین بریندار بوون، بەشێکیان باشن و بەشێکی دیکەشیان خراپن، بۆ ئەم مەبەستە ئەمڕۆ 964 چووە شوێنی رووداوەکە و نوێترین زانیاری لەسەر هۆکاری رووداوەکە دەستکەوتووە.
رووداوەکە، دوانیوەڕۆی دوێنێ لە گوندی دێرێ روویدا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێک و برینداربوونی پێنج ئەندامی دیکەی هەمان خێزان.
سەعدون عەبدوڵڵا عومەر کەسی نزیکی ئەو خێزانە بە 964 ی وت دوو لەوانە بریندارن دۆخیان باشترە لە سێ کەسەکەی دیکە بەڵام بەگشتی هەموویان بەهۆی تەقینەوەی غازەکە جەستەیان سووتاوە.
وتیشی “رووداوەکە دوای بڵاوبوونەوەی غاز لە ناندێنەکە و لێدانی چەرخ لەلایەن منداڵێکەوە دروستبووە”.
دوێنێ لەکاتی رووداوەکە، کاروان مستەفا بایز، کە شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە بە 964 ی وتبوو “من لە تەنیشت ئەو ماڵەدا سەرقاڵی کاری دیواربڕین بووم، کاتێک دەنگێکی بەهێزی وەک تەقینەوە هات، بەپەلە رامکردە شوێنی رووداوەکە و ژنێکم بینی بە ئاگرەوە هات، خێرا ئاوی بەلوعەکەم بەردایەوە و نەمهێشت بە تەواوی بسووتێت، بەڵام منداڵەکە یەکسەر گیانی لەدەستدا”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن