"بۆ ئەمساڵیش سوپرایزمان هەیە"

باخەوانە لێزان و بەسەلیقەکانی هەڵەبجە خۆیان بۆ فێستیڤاڵ حازر کردووە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

12ـیەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بەڕێوەیە و باخەوانە بەئەزموون و شارەزاکانی مەنتیقەکە خۆیان حازر و ئامادە کردووە.

عوسمان حەمەساڵح باخەوانێکی بەسەلیقە و لێزانی هەڵەبجەیە و هەموو ساڵێک بەشدارێکی کارای فێستیڤاڵە، بۆ ئەمساڵیش سوپرایزی خۆی هەیە.

عوسمان حەمەساڵح  لەناو باخەکەی قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەنارەکانی ئەمساڵیشمان باشن، خۆمان لێمان خواردوون و لێیان رازین”.

سەبارەت بە جۆرەکانی هەناریش کە کامیان بەتام و خۆشترن، دەڵێت، “باخەوان خۆی دەزانێت کام هەنارە زۆر خۆشە و تایبەتە بۆیە کە چویتە باخی هەنار چاو لە باخەوانەکە بکە، بزانە کام هەنارە دەخوات، تۆش لەوە بخۆ”.

مام عوسمان خۆی حەزی لە هەناری لاڕەشەیە و دەڵێت، “بەدەم هەموومانەوە پێدەکەنێ و تایبەت و ئاودارە، چونکە خۆر لێی نادا زۆر بەتام و بەلەزەتە”.

لە فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو، مام عوسمان و براکەی هەنارێکی گەورەیان لە تووڵی هەنار دروستکردبوو و شەربەتی هەنارییان تێکردبوو، هەنارەکەشیان سەرنجی سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکەی راکێشابوو، وەک خۆی دەڵێت، بۆ ئەمساڵیش سوپرایزیان هەیە بەڵام جارێ باسی ناکات و ئەیانەوێت بە نهێنی بمێنێتەوە.

قەول وایە 28ـی ئەم مانگە 12ـیەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەستپێبکات و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری