بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک

“سێ برا یەکەمەکەی کەرکوک بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان یەکەم بوون”

964+

کاروان ساڵحی- کەرکوک

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک لەبارەی ئەو سێ قوتابیەی %100 هێناوە بۆ 964 وتی؛ ئەو خێزانە بە بنەماڵە زیرەکن و هیچ هاوکارییەک نەکراون، باوکیان جوتیارە.

دوای راگەیەندراوە توندەکەی پەروەردەی کەرکوک دەربارەی ئەو سێ قوتابییە، پەیامنێری 964 پەیوەندی کرد بە مەنسوور مەزری، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی کەرکوک و پێی راگەیاندین؛ ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە و باوکی ئەو سێ برایە جوتیارە و منداڵەکانی لە کێڵگە و کارەکەی دوورخستووەتەوە تا یەکەم بن و بایەخ بە خوێندنەکەیان بدەن، جگە لەوەش دوو خوشکی ترییان ساڵی پار و برایەکی تریشییان دوو ساڵ پێش ئێستا هەر لە یەکەمەکان بوون و بە خێزانی زیرەکن.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە، سێ برا توانییان کۆنمرەی بەرز بەدەستبێنن و ببنه یەکێک لە یەکەمەکانی سەر ئاستی قەزای حەویجە، کەرکوک و عێراق، بەڵام ئەمە بووە جێگای مشتومڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوایە بەڕێوەبەری بنکەکە خزمی ئەم سێ قوتابیەیە.

پەروەردەی کەرکوک ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەڵمەتانەبە بۆ ناوزڕاندنی دامەزراوەی پەروەردەیی و کارمەندەکانیانە، راشیگەیاندووە کە تەواوی مافی یاسایی خۆیان بەکاردێنن و سکاڵا لەسەر سەرجەم ئەو پەیج و کەسانە تۆمار دەکەن کە هەواڵی ناڕاستییان بڵاوکردووەتەوە.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح