دوای کۆتاییهاتنی جەژنی مەولود

تەنیا لە بەردەم قەڵای هەولێر چوار تۆن زبڵ کۆکرایەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

تەنیا لە سەنتەری هەولێر پایتەخت نزیکەی چوار تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدرا، ژینگەپارێزانی ماندوونەناس کەوتوونەتەخۆ و دەستیان بە پاککردنەوەی شارەکە کردووە.

دوای کۆتاییهاتنی جەژنی مەولود، پەیامنێری 964 پیاسەیەکی بەردەم قەڵا و پارکی شاری لە هەولێر کردووە، بە کامێراکەی دەستی دیمەنەکانی تۆمارکردووە و دەردەکەوێ کە دەبە ئاو و پاکەتی شیرینی و پاقلاوە، سەر شۆستە و شەقامی داپۆشیوە.

دوکانداران و کاسبکارانی بەردەم قەڵا هەریەکەو لەلای خۆیەوە گسک و ماسیحەیەکی بەدەستەوە گرتووە و دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوەی شوێنەکە.

وەک بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێریش بڵاویکردووەتەوە، پاش کۆتاییهاتنی یادەکە، هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەیان ئەنجامداوە لەناو نافوورەی پارکی شار و نزیکەی چوار تۆن زبڵ وخاشاکیان کۆکردووەتەوە.

جگە لە فڕێدانی زبڵ و پاشماوە، هاوڵاتیان و گەشتیاران زیانێکی زۆریشیان بە سەوزایی و نافوورەکانی بەردەم قەڵا گەیاندووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری