لە سەڵاحەدین

لەماڵی خزمێکی جومەیلی دەستبەسەر 60 کیلۆ زێڕدا گیرا

ئەحمەد مستەفا

هێزەکانی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی 60 کیلۆگرام زێڕیان لە ژێر زەوی گەراجی ماڵێکدا لە شاری تکریت دەستی بەسەردا گرت، ئەم زێڕە لە ماڵی یەکێک لە خزمەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت شاردرابووەوە.

لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی ئەمنیدا کە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستی پێکردووە و چەندین بەرپرسی حکومی و فەرمانبەری تێدا دەستگیرکراون.

هێزێکی دەستەی دەستپاکی لە پارێزگاکە توانیویانە نزیکەی 60 کیلۆگرام زێڕ دەستبەسەر بکەن.

ئەم زێڕە لە ژێر زەوی گەراجی خانووی یەکێک لە خزمەکانی عەدنان جومەیلی، کە پێشتر بریکاری وەزیری نەوت بووە، لە گەڕەکی “القضا‌ء” لە شاری تکریت شاردرابووەوە.

ماوەیەکە دۆسیەیەك لە عێراق بە شێوەیەكی زۆر گەرموگوڕ باسی لێوە دەكرێت، ئەویش دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراقە كە یەكێكە لە گەورەترین دۆسیەكانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە عێراق.

لە چوارچێوەی ئەو دۆسیەیەدا، دەركەوتووە كە عەدنان جومەیلی زیاتر لە 40 موڵكی هەیە لە بەغدا و سەڵاحەدین و چەندان پارێزگای دیكەی عێراق، هەروەها كاتێكیش هێزێكی ئەمنی چوونەتە سەر ماڵەكەی لە بەغدا، بڕی 10 ملیۆن دۆلار و سێ ملیار دیناری عێراقی بە كاش لەگەڵ چەند كیلۆیەك زێڕ و چەكێكی زۆر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمە جگە لەوەی باسی ئەوە دەكرێت كاتێك هێزە ئەمنییەكان چوونەتە مەزرەعەیەك كە ژنەكەی عەدنان جومەیلی لێ بووە، ئەو ژنە بەپەلە لە نێو تەندووری ئاگردا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری سووتاندووە.