دیمەنی بەشی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان - وێنە: وەزارەتی کارەبا
بەهۆی گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر
وەزارەتی کارەبا: 2500 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەوە
شۆڕش قادری
بەهۆکاری گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی غازی کۆرمۆر، بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان 2500 مێگاوات کەمبووەوە.
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی کارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە، بەهۆی گرفتێکی ئەمنی له کێڵگەی کۆرمۆر، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە، بەمەش بەرهەمهێنانی کارەبا بەبڕی 2500 مێگاوات کەمی کردووە.
دەشڵێت، ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە کە ئەم حاڵەتە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر هێڵن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای کوردستان دوای ئەوە دێت کە، وتەبێژى کۆمپانیاى دانە گاز رایگەیاند، لەبەر بوونى هەڕەشەى باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و توندبوونەوەى دۆخى ناوچەکە، هەموو دامەزراوە سەرەکییەکانى بەرهەمهێنانى غازى کۆرمۆر، بەشێوەیەکى کاتى داخراون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم سەربە قەزای چەمچەماڵ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نزیکەی 90٪ـی کارەبای هەموو کوردستان بەرهەم دەهێنێت.