لەناو کۆڵانەکانی ناحیەی شۆڕش

دوو برا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون؛ یەکێکیان گیانی لەدەستدا

عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ

لە ناحیەی شۆڕش سەربە قەزای چەمچەماڵ دوو برا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون، یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان بریندارە.

رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 20.10.2026 لەناو کۆڵانەکانی ناحیەی شۆڕش روویداوە، شایتەحاڵێکی رووداوەکە بە 964ـی وت، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کامری دوو کەسی تێدابووە کە برابوون، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە عەمودێکدا کێشاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو برایە، یەکێکیان تەمەنی 26 ساڵ و ئەوەی دیکەشیان 13 ساڵە، هەردووکیان بەسەختی برینداربوون و رەوانەی سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ کراون، بەڵام برا گەورەکە بەهۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “کارمەندان و پزیشکانی چەمچەماڵ ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆیان کردوون، بەڵام برا گەورەکەیان برینەکانی قوڵ بوون و گیانی لەدەستداوە، برا بچووکەکەش رەوانەی سلێمانی کراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری