بەهاکەی 601 ملیۆن دۆلارە

هەرێمی کوردستان؛ بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت دوو کۆمپانیا یەکیانگرت

ئەحمەد مستەفا

کۆمپانیای نەوتی گوڵف کیستۆن پێترۆلیۆم-ی بەریتانی، کە لە بۆرسەی لەندەن تۆمار کراوە، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای شاماران پێترۆلیۆم-ی نەرویجی دەگاتە رێککەوتن بۆ یەکگرتن، بە بەهای 601 ملیۆن دۆلار.

ئامانجی ئەم رێککەوتنە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەورەترە بۆ بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، خاوەن پشکەکانی هەردوو کۆمپانیا بە شێوەیەکی نزیک بە یەکسان، هەر یەکەیان نزیکەی 50%ی پشکەکانی کۆمپانیای نوێیان دەبێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی گوڵف کیستۆن-ەوە بڵاویکردووەتەوە کە کۆمپانیاکە پلانی گواستنەوەی پێڕستی سەرەکیی پشکەکانی خۆی لە بۆرسەی لەندەن بۆ بۆرسەی یۆرۆنێکست ئۆسلۆ-ی نەرویج هەیە.

ئەم هەنگاوە پێش کۆتاییهێنان بە مامەڵەکانی پشکەکانی لە بۆرسەی لەندەن ئەنجام دەدرێت، وە ئەم رێککەوتنە لە کاتێکدا رادەگەیەنرێت کە بازاڕی وزە لە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاوە.

ئەم بارودۆخەش وای کردووە کۆمپانیا نەوتییەکان زیاتر بیر لە فراوانکردنی کارەکانیان و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە بازاڕدا بکەنەوە، لە هەمان کاتدا، کێبڕکێیەکی توند لە نێوان کۆمپانیاکانی جێنێڵ ئینێرجی و دی ئێن ئۆ-ی نەرویجی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمپانیای کاپڕیکۆرن ئینێرجی درێژەی هەیە، ئەم کۆمپانیایانە لە بواری نەوت و گازدا چالاکن و لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.