به‌غدا
خه‌ڵكیان ناچار به فرۆشتنی گورچیله ده‌كرد و ده‌ستگیر كران
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
هه‌واڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق رایگه‌یاند، گرووپێكی چوار كه‌سییان ده‌ستگیر كردووه، كه دوو ژن و دوو پیاون و خه‌ریكی تاوانكاری بوون لە ئیستغلالکردنی هاوڵاتیانی کەمداهات لە رێگەی ناچارکردنیان بۆ فرۆشتنی گورچیله‌كانیان بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانیان.
سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، گرووپه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، كه بە قەرزی سو‌و (ریبا) و پێشینەی نەختینە، چه‌ند كه‌سێكیان گیرۆده كردووه، دواتر مەرجی مەحاڵیان بۆ گەڕاندنەوەی پاره‌كانیان به‌سه‌ردا سەپاندوون، بۆ ئه‌وه‌ی فشاریان لێبكه‌ن گورچیلەکانیان بفرۆشن بۆ دانه‌وه‌ی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان.
هه‌واڵگریی عێراق روونیكرده‌وه، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن یەکەکانی نه‌هێشتنی تاوانی رێکخراو لە قەزای ره‌سافەی بەغدا ئەنجامدراوە، ئه‌مه‌ش دوای وەرگرتنی زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە چالاکییەکانی گرووپه‌كه.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەرجەم ئەندامانی گرووپه‌كه دوای بەدەستهێنانی فەرمانی دادوەری پێویست، دەستگیر کران، له‌گه‌ڵ د‌ەستبەسەرداگرتنی تەلەفۆن و تۆمارەکانی بەڵگەنامەی مامەڵەی ریبا و گێچه‌ڵكردن به هاوڵاتیان.