هێزێک گەیشتووە

ئەو پارە و زێڕانەى لە هەولێر دەستى بەسەرداگیرا رادەستى عێراق دەکرێنەوە

کاروان ساڵحى- کەرکوک

هێزێکی تایبەتی عێراقی گەیشتووەتە پارێزگای کەرکوک بە مەبەستی وەرگرتنەوەی بڕێکی زۆر لە زێڕ و پارە کە لە هەولێر دەستى بەسەرداگیراوە و بەو تۆمەتبارانەى گەندەڵى بووە کە لە هەولێر دەستگیرکراون.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی تایبەت بە964ـی راگەیاند، ئەو هێزەی گەیشتووەتە کەرکوک بریتییە لە “هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا”، و ئەرکەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک و بە پاڵپشتیی دەستەی دەستپاکی بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئەمشەو ئەو هێزە لە بازگەی پردێ دەبێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی رادەستکردنەکە، کە تێیدا بڕیارە هێزێکی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر زێڕ و پارە رادەستی لایەنی عێراقی بکات.

پارە و زێڕەکان هى ئەو تۆمەتبارانەن کەلە چەند رۆژى رابردوو لە هەولێر دەستگیرکران و لە بازگەى پردێ رادەستى هێزە ئەمنییەکان کرانەوە.

دوو هەفتە لەمەوبەر، ژمارەیەک تۆمەتبارى گەندەڵى کە پێکهاتبوون لە (زیاد تارق جەنابی، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، محەمەد جەمیل مەیاحی، پارێزگاری پێشووی واست و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق، عەلا موحسین جومەیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عەدنان جومەیلی و ژمارەیەک تۆمەتبارى تر)، دواى ئەوەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى کوردستانەوە لە هەولێر دەستگیرکرابوون، رادەستى عێراق کرانەوە