"لەسەر داوای تورکیایە"
ئەم هەفتەیە لە دەروازەی زێت رۆژێک گەشتەکان دەوەستن
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی دەروازەی زێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم هەفتەیەدا رۆژێک گەشتەکانی دەوەستێنێت و دەڵێت، ئەمە لەسەر داواکاری تورکیایە.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەروازەکە، بەهۆی کارکردن و چاککردنی جادە و رێگەوبانەکان، ئاگاداری ئەو هاوڵاتیی و گەشتیارانە کراوەتەوە، کە دەیانەوێت لە دەروازەکەوە گەشت بکەن، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە 13.7.2026، تەنیا بۆ ماوەی یەک رۆژ، هاتوچۆ و گەشتکردن لە سنووری دەروازەکە دەوەستێت.
ئاماژە بەوەکراوە، هۆکاری داخستنی دەروازەکە لەسەر داوای دەروازەی دەرەجیکی کۆماری تورکیایە، چونکە خەریکی چاککردنی رێگاوبانەکانی دیوی خۆیانن، چونکە دەڵێت “لە دیوی هەرێمی کوردستان هەموو کارەکان ئاسایین”.
دەروازەی زێت دەڵێت، لە دوای رۆژی سێشەممە هاتوچۆ و دەوامکردن ئاسایی دەبێتەوە و ئاگاداری گەشتیارانیش کراوەتەوە، کە وادەی گەشتەکانیان نەخەنە رۆژی دووشەممەی داهاتوو.