بۆ ئەوانەى زیاد کار دەکەن

تورکیا بە رێگایەک 20%ـى موچەى فەرمانبەرانى بەرز دەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

حکومەتی تورکیا بڕیاریدا بۆ ساڵی نوێ بڕی ئەو پارەیە زیاد بکات کە وەک کرێی کاتژمێرەکانی زێدەكاری (ئۆڤەرتایم) دەدرێتە فەرمانبەرانی دەوڵەت، بە جۆرێک رێژەی زیادکردنەکە دەگاتە نزیکەی 20%.

بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی ناوەندیی تورکیا بۆ ساڵی 2027، کە ئەمڕۆ شەممە (17-10-2026) وردەکارییەکەی بڵاوکرایەوە، کرێی یەک کاتژمێر کاری زێدەكاریی فەرمانبەرانی حکومەت لە 16.55 لیرەوە بەرزدەکرێتەوە بۆ 19.85 لیرە (واتە 3.30 لیرە چووەتە سەر هەر کاتژمێرێک).

پڕۆژەیاساکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم بڕیارە لە رێکەوتی 1ی کانوونی دووەمی 2027ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بڕی پارەکە بەپێی دامەزراوەکان و بارودۆخی کارکردنی فەرمانبەران دەگۆڕێت، بە جۆرێک هەندێک لە کارمەندانی کەرتی گشتی بۆ هەر کاتژمێرێک زێدەكاری، بڕی 33.85 لیرە وەردەگرن.