نزیکەی 1.40 دۆلاری چووەسەر

هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆسەر ئێران نرخی نەوتی بەرزکردەوە

964+

فەرهاد حەسەن

هێرشەکەی دوێنێ شەوی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نرخی نەوتی بەرزکردەوە، بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنت 1.38 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 75.54 دۆلار، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە بڕی 1.37 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 71.81 دۆلار.

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەگشتی نزیكەی 2% بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئێران و دووبارە سزای بەسەر فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران دا سەپاند.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکان وەک وەڵامێک بوون بۆ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر سێ کەشتیی بازرگانی لەکاتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا.

هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی سێشەممە نزیكەی 3% بەرزبوونەوە، دوای ئەوەی ئەمریکا مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدان بە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە.