"حجزی ئەلیکترۆنی تەنیا 10 خولەکە"

نوێنەری جوتیارانی کەرکوک کێشەکانیان گەیاندە لای پارێزگار

کاروان ساڵحی – کەرکوک

نوێنەری جوتیاران لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک کۆبوونەوە و گلەیی و گازندەکانیان باس کرد و پارێزگاریش بەڵێنی دا لەگەڵ سەرۆک وەزیران لەوبارەیەوە قسە بکات.

محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سنووری کەرکوک لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک بە 964ـی وت، “یەکێک لەو کێشانەی بۆ جوتیاران دروست بووە، بابەتی حجزی ئەلیکترۆنییە کە جوتیاران تەنیا 10 خولەکیان هەیە، کە ئەمەش کاتێکی کەمە و هەمووان فریای حجزەکە ناکەون، بۆیە داوامانکرد کاتەکەی زیاد بکەن”.

باسی لەوەشکرد، پارێزگار بەڵێنی ئەوەی پێداون کۆی داواکارییەکان لە نووسراوێکی فەرمیدا بباتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانیش قسە دەکات.

هەر لەسەر ئەو بابەتە، محەمەد سەمعان پارێزگاری کەرکوک بە 964ـی وت، “دوای گوێگرتن لە مافە رەواکانی جوتیاران، ئەو داوکاریەی پەیوەستە بە بەغدا بە نوسراوێک لەگەڵ خۆم دەیبەم بۆ کۆبونەوەی لیژنەی تەنسیقی پارێزگاکان بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ریشەی بکرێت، هەروەها ئەوەی پەیوەستە بە کەرکوک بە دیاریکراوی کارئاسانی لە بازگەکان، هەر ئەمڕۆ بە نووسراوی فەرمی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئاگادار دەکەمەوە کە دەبێت کارئاسانی بۆ جوتیاران بکرێت”.

پێداچوونەوە: هەژان هادی