شۆفێری ئامبوڵانسێک لە سلێمانی وادەڵێت
“ئامادەین تەرمی روقیە رافد بگوازینەوە زێدی خۆی لە کەربەلا”
بڕوا مەجید – شارەزوور
نوێنەری شۆفێرانی ئەو ئامبوڵانسانەی لە سلێمانی بەبێ بەرامبەر تەرم دەگوزانەوە، دەڵێت، ئامادەن تەرمی ئەو کیژۆڵە عەرەبەی لە ئاوی زەڵم دۆزراوەتەوە، ببەنەوە زێدی خۆی.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو کچێکی گەشتیاری بەنەتەوە عەرب بەناوی روقیە رافد و تەمەن 11 ساڵ کەوتەناو ئاوی هاوینەهەواری زەڵم لە ئەحمەدئاوا، ئەمڕۆ دوای 9 رۆژ گەڕان تەرمەکەی دۆزرایەوە، بەڵام تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە نەتوانراوە دەربهێنرێتەوە، چونکە لە بەینی دوو بەرددا گیری خواردووە.
ئەرشەد حەمەشەریف نوێنەری شۆفێرانی ئامبوڵانس لە سلێمانی بە 964ـی وت، “هەر لەسەرەتای رووداوەکە و پێش دۆزینەوەی تەرمەکە ئامادەییەمان دەربڕی و وتمان هەرکات تەرمی ئەو منداڵە بدۆزرێتەوە، ئامادەین بیبەینەوە زێدی خۆی، بەڵام ئەمڕۆ موقەدەم بەختیار وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە پێی وتم کە بڕیارە سبەینێ تەرمەکە بە یاوەری وەفدێک و ئامبوڵانسێکی حکومی بگوازرێتەوە کەربەلا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان شۆفێرانی 21 ئامبوڵانسن لە پارێزگای سلێمانی کە بێ بەرامبەر تەرم دەگوازنەوە بۆ هەموو شارەکانی عێراق و هەر لە دوو رۆژی رابردووشدا تەرمێکیان لە سەیدسادقەوە گواستووەتەوە بۆ ئەسکەندەرییە لە خوارووی بەغدا.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری