فۆرمی هەژماری منیان پڕ نەکردووەتەوە و موچەکانیان راگیراوە

ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانی گردبوونەوە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی تا ئێستا فۆرمی هەژماری منیان پر نەکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە سلیمانی گردبوونەوە و داوای تەوتین و گەڕانەوەی موچەکانیان دەکەن و یەکێکیش لەوان دەڵێت، “تا ئێستا لە بەغدا هەژماری من متمانیەی نییە من چۆن متمانەی پێبکەم؟”

سامان محەمەد، یەکێکە لەو فەرمانبەرانە بە 964ـی وت، ئێمە متامانەمان بە “هەژماری من” نییە، لەبەرئەوەی بانکەکانی بانکی حکومی نین و کەسین، بۆیە پێموایە دەکرێ سبەی لەسەر جیاوازی بیروڕای سیاسی موچەکەم رابگیرێت، یان بە زۆرە ملێ پارەی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبام لێ بگێردرێتەوە.

سەرتیپ ناسیح، یەکێکی دیکەیە لەو فەرمانبەرانە و دەڵێت، ئێمە بەدواداچوونمان کردووە و بۆمان دەرکەوتووە کە لە بەغداوە موچەکانی ئێمەیان ناردووە، بەڵام لە بانکەکانی هەرێمەوە موچەکانمان راگیراوە و ناماندەنێ، بۆیە متمانەمان بە هەژماری من نییە و داوای تەوتین دەکەین بۆئەوەی موچەکانمان لە دواکەوتن رزگار بکەین.

وتیشی، دەمانەوێت موچەکانمان بە ئەلیکترۆنی بکرێت، بەڵام دەبێت بخرێتە سەر بانکی رەشید و رافیدەین.

پیداچوونەوە: ژێوار خدر