لە رۆژمێری کشتوکاڵدایە

هاوردەکردنى 35 ماددەى خۆراکى قەدەغە کرا و هەرێمیش دەگرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی 35 مادەی خۆراکی و شەتڵی رووەکی قەدەغە کردووە و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، جەخت لە پابەندبوونیان دەکاتەوە بە رۆژمێری کشتوکاڵی لە نێوان هەولێر و بەغدا.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق نوسراوێکی، مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزیری کشتوکاڵ، ئاڕاستەی دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق کردووە کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی مادە کشتوکاڵییەکان و هاوردەکردنی و مامەڵەپێکردنی لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، 45 مادەی خۆراکیی کشتوکاڵی و ئاژەڵی و شەتڵی ڕووەکی خراوەتە ڕوو، کە 35 مادەیان بەتەواوی قەدەغەیە هاوردەی عێراق بکرێت، 10 مادەی دیکەشیان بەگوێرەی پێگەیشتنی بەرهەمەکان گۆڕانکاری بەسەر هاوردەکردنیاندا دێت.

هاوردەکردنی بەرهەمی تەماتە تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمی ناوخۆیی کۆتایی دێت قەدەغە دەکرێت، کە مەبەست لێی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەیە لە هەرێمی کوردستان کە ڕەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، لەو 35 مادەیەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی پێکردووە، (دووگی ئاژەڵ، گۆشت، قیمەی بەستوو، مانگاو مەڕ و گامێش بۆ بەخێوکردن، هێلکەی جوجک هەڵهێنان، هاوکات تەڕەپیاز و پیاز، گەڵامێو، هەنگوین و جۆرە جیاوازەکانی خورما)ی قەدەغە کردووە.

rزگار حەمەخدر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، وەک هەرێمی کوردستان پابەندین بە رۆژمێری کشتوکاڵی و ئەو نووسراوە نوێیەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەریکردووە.