باڵەخانەی پاسپۆڕتی هەولێر _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
ئاگادارییەک لە پاسپۆرتی هەولێرەوە
کارتی نیشتمانی شکاوی یان درزی هەبوو مەچن بۆ پاسپۆڕت
ئەحمەد مستەفا
پاسپۆڕتی هەولێر دەڵێ، پێش سەردانیکردن بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان باشترە هاوڵاتییان دڵنیابنەوە لە سەلامەتیی کارتە نیشتمانییەکەی، ئەگەر کارتەکەی هەر گرفتێکی تێدابێ وەک “شکاوی یان درزبردن”، باشترە پێشوەختە سەردانی فەرمانگەی کارتی نیشتمانی بکەن بەمەبەستی نوێکردنەوەی.
وەک پاسپۆڕتی هەولێر باسی دەکات، تاوەکو لەکاتی راپەڕاندنی مامەڵەی پاسپۆرتەکەتاندا تووشی هیچ دواکەوتنێک نەبن بەهۆی کارتەکەوە.
لە ئاگادارییەکدا بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.6.2026 دەڵێ، بەمەبەستی راپەڕاندنی مامەڵەکانتان بە شێوازێکی خێرا و رێگریکردن لە دروستبوونی هەر ئاستەنگێک، سەرنجی ئەو هاوڵاتیانە رادەکێشین کە بەمەبەستی دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت سەردانی نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دەکەن.
لەکاتی کارپێکردنی سیستەمەکەماندا، تێبینی ئەوە کراوە کە بەشێک لە “کارتە نیشتمانییەکان”، لەلایەن سیستەمی پاسپۆرتەوە ناخوێندرێنەوە؛ ئەمەش بەهۆی “شکان، درزبردن، یان خراپ هەڵگرتنیانەوە” کە دەبێتە هۆی تێکچوونی چیپی داتاهەڵگری نێو کارتەکە.
بۆیە داوای کردووە، پێش سەردانیکردنتان بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکە دڵنیابنەوە لە سەلامەتیی کارتی نیشتمانییەکانتان و داواشی کردووە، کارتی نیشتمانی لە شوێنی گونجاو و دوور لە چەمانەوە و هۆکارە تێکدەرەکان هەڵبگیرێ، چونکە بەڵگەنامەیەکی فەرمی و گرنگە.
