یەکێک لە دەروازەکانى عێراق - وێنە: ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
داخستنەکە کاتییە
دەروازەی شێب کرایەوە و مەندەلی داخرا
ئەحمەد مستەفا
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، دەروازەی سنووریی شێب لە کاتژمێر 8:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە بە رووی بازرگانان و شۆفێراندا کراوەتەوە، لە بەرامبەردا بڕیار دراوە دەروازەی مەندەلی لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە بە شێوەیەکی کاتی دابخرێت.
لیوا عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان رایگەیاند، کردنەوەی دەروازەی شێب دوای رەخساندنی مەرجە گونجاوەکان هاتووە، بۆ ئاسانکاری لە هاتوچۆی گەشتیاران و کەلوپەل و چالاککردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
وائیلی ئاماژەی بەوەکرد، داخستنی کاتی دەروازەی مەندەلی بە مەبەستی تەواوکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان و چاکسازییەکانە، بەتایبەتی لەبەر نزیکبوونەوەی وەرزی بارانبارین.
بەپێی راگەیاندراوەکە، کاتی دووبارەکردنەوەی دەروازەی مەندەلی دوای تەواوبوونی کارەکان رادەگەیەنرێ، دەروازەی شێب لە پارێزگای میسان لە 21ی مانگی رابردوو بەهۆی دۆزینەوەی پارە و دەرمانی قاچاغ بە شێوەیەکی فەرمی داخرا.