سێ راوچی گرتبوویان

تینوێتی بەچکە ئاسکێکی نازداریان شکاند و بە سروشت شادیان کردەوە

شۆڕش قادری

لە سنووری چەمچەماڵ، تیمەکانی پۆلیسی دارستان بەچکە ئاسکێکی نازداریان لە سێ راوچی سەندەوە، دوای تینوێتی شکاندن و خزمەتێکی باش بە بەچکە ئاسکەکە، بە سروشتی خۆیان شاد کردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڤیدیۆی ساتی ئازادکردنی بەچکە ئاسکەکەی بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی، بە مەبەستی پاراستنی سروشت و ژینگەی ناوچەکەیان، مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستانی چەمچەماڵ و بنکەی شۆڕش دەرچوون بۆ سنوری چالاکیەکانیان، لە ئەنجامی چاودێریکردن و پشکنینی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگای گوندی (مونیلە) توانیان سێ هاوڵاتی دەستگیر بکەن کە کەرەستەی ڕاوکردنیان پێ دەبێت.

لە کاتی دەستگیر کردنی ئەو راوچیانە، دەستگیراوە بەسەر بەچکە ئاسکێکی زیندوو، دوو تانجی، دەمانچەیەک و 45 فیشەک و لایتێک و ئۆتۆمبێلێک.

دوای پێدانی ئاو بە بەچکە ئاسکەکە، بە بڕیاری دادوەر بە سروشت شادکرایەوە و تانجیەکانیش ئازاد کران.