دیمەنی دەرمانخانەیەک - وێنە: ئەرشیفی 964
ئەوانەی شێرپەنجەیان هەیە دەرمان وەردەگرن؟
راپۆرتێک ئاشکرای کرد؛ لە %96ـی خەڵک لە بازاڕەکان دەرمان دەکڕن
ئەحمەد مستەفا
راپۆرتی رێکخراوێکی ناوخۆیی ئاشکرای دەکات، %96ی هاوڵاتیان لە کاتی نەخۆشکەوتندا ناچار دەبن، دەرمان لە بازاڕەکانی دەرەوە بە پارەیەکی گران بکڕن وەک لەوەی لە نەخۆشخانەکان پێیان بدرێ یان وەری بگرن.
بەوێیە بێت، تەنیا %4 لە ناو کەرتی حکومیدا دەرمانیان دەستدەکەوێ.
راپۆرتەکە لەلایەن رێکخراوی ئاران ئامادەکراوە، ئەو رێکخراوە بارەگای لە سلێمانییە و وەک لە ناساندنی خۆی باسی کردووە، گرنگی پەرەپێدانی کلتووری مەدەنی دەکات، و راپۆرتەکەی بە پاڵپشتیی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی ئامادەکراوە.
وەک باسی دەکات، ئەم بارگرانییە داراییە گەورەیە کتوپڕ زیاتر قورسایی خستووەتە سەر شانی تووشبووانی شێرپەنجە، بە جۆرێک %60ـی ئەو نەخۆشانە لە ناوەندە تەندروستییەکانی کەرتی حکومیدا دەرمانی پێویستیان پێنادرێت.
لە لایەکی تریشەوە، کەرتی تایبەت بەبێ چاودێری گەشەی کردووە و لە ئێستادا 79 نەخۆشخانەی تایبەت لە هەرێمدا کار دەکەن کە ساڵانە زیاتر لە 102/ هەزار نەشتەرگەرییان تێدا ئەنجام دەدرێ، ئەمەش بەپێچەوانەی رێنماییە فەرمییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO یە، تێچوویەکی داراییی یەکجار زۆری بەسەر خێزانەکاندا سەپاندووە.
رااپۆرتەکە بە وردی تیشک دەخاتە سەر دۆخی نالەباری کارکردنی نزیکەی 10 هەزار پەرستار لە ناوەندە تەندروستییەکانی کەرتی تایبەت، وە دەڵێ، ئامارەکان نیشانی دەدەن کە %72ـی پەرستاران رووبەڕووی کارکردنی قورس، توند و پڕ مەترسی دەبنەوە؛ لە کاتێکدا %39ـیان ناچار دەکرێن کاتی زیادە بەبێ وەرگرتنی مووچەی زیادە کار بکەن، و %88ـی تریشیان بە مووچەیەکی زۆر نزم کە لە 150 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات کاردەکەن.
جگە لەوەی %57ـی پەرستاران بێبەشن لە شوێنی حەوانەوەی گونجاو و تەندروست لە ناو نەخۆشخانەکاندا، و %84ـیشیان لە کاتی بەستنی گرێبەستی کارکردن، لە لایەن خاوەنکارەوە هیچ کۆپییەکی فەرمیی گرێبەستەکەیان پێنادرێت تا بتوانن داکۆکی لە مافەکانی خۆیان بکەن.
بۆ ئەوەی داتاکانی لەلا روون بێت 964 پەیوەندی بە بەرپرسانی رێکخراوەکە کرد، کە ژمارە تەلەفۆنێکیان بەردەست بوو لە پەڕەی سەرەکییان، بەڵام ژمارەکە بەردەست نەبوو، پێگەشتنی راپۆرتەکە بەنوسراوی فەڕمییە و بڵاوکراوەتەوە، تائێستا وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ناوەڕۆکی ئەم راپۆرتە زانیاری نەخستووەتەڕوو.