موجتەبا خامنەیی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل:

“ئێمە هەبین یان نەبین تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە”

شۆڕش قادری

موجتەبا خامنەیی هەڕەشە لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، “ئێمە هەبین یان نەبین تۆڵەیان لێ دەکرێتەوە”.

موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران بەبۆنەی بەخاکسپاردنی باوکی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بەڵێن دەدەین تۆڵەی خوێنی شەهیدەکانمان لە بکوژانی تاوانبار (ئەمریکا و ئیسرائیل) بکەینەوە، ئەمە داواکاری گەلی ئێمەیە و دەبێ ئەنجام بدرێت”.

“ئێمە ببین یان نەبین، تۆڵە لە تاوانباران دەکرێتەوە و بەمزووانە کەسانێک لە سەرتاسەری جیهان ئەم ئەرکە خوداییە لەئەستۆ دەگرن و بە ئەنجامی دەگەیەنن”، موجتەبا خامنەیی وادەڵێت.

موجتەبا سوپاسی خەڵکی عێراق و ئێران دەکات کە بەگوتەی خۆی بەشداری مێژوویی و کارایان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی لە شارەکانی تاران و قوم و کەربەلا و نەجەف و مەشهەد هەبووە.