بەردەم نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک – وێنە؛ بۆ 964 نێردراوە
لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک
گۆشتفرۆشێک بەگومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
گۆشتفرۆشێکی خەڵکی شەنگال لە نەخۆشخانەی دهۆک گیانی لەدەستدا و گومان دەکرێت، تووشبووی تای خوێنبەربوون بێ.
دوای نیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە 3.8.2026 پیاوێکی تەمەن 53 ساڵ بەناوی سەیدخان قتۆ کە گۆشتفرۆشە و خەڵکی شنگالە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، لە نەخوشخانەی دهۆک گیانی لەدەستداوە.
ئەو پیاوە سەرەتا بەگومانی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بۆ پشکنین و چارەسەری پزیشکی براوەتە نەخۆشخانەی موسڵ، بەهۆی نەبوونی ئامێر و پێداویستی پشکنین لە نەخۆشخانەکە، ناچار بووە بچێتە دهۆک، ماوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی دهۆک ماوەتەوە و پاشنیوەڕۆی ئەمرۆ گیانی لەدەستداوە.
د. بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری کاروباری خۆپاراستنی تەندروستی دهۆک بە 964ـی وت، “تا ئێستا پشکنینەکانی ئەم پیاوە لەبەغدا نەگەڕاونەتەوە، دڵنیانین لەوەی کە بەتای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدابێ، بەڵام گومانی نەخۆشییەکەی لەسەربوو”.
بەپێی ئاماری فەرمی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک، ئەگەر ئەم حاڵەتە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە دووەم کەسە کە لە ماوەی ئەمساڵدا بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکە گیانی لەدەستداوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری