تیمەکانى کارەباى گەرمیان لە کاتى دانانى ستونێکی کارەبا - وێنە؛ ئەرشیف
قەرار بوو ئێستا خۆی پێ فێنک بکەنەوە
هەڵکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە گەرمیان دواکەوتووە
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەگەرچی قەراربوو لەسەرەتای ئەم مانگەوە کارەبای 24 کاتژمێری لە گەرمیان هەڵبکرێت، بەڵام تائێستا هیچ خەبەری نییە و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیانیش دەڵێت،”تا دۆخی کارەبا باش نەبێت، پڕۆژەی رووناکی ناگاتە لامان”.
حازم کەریم بەڕێوەبەری گشتی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت،”بڕیاربوو رۆژی 4ـی ئەم مانگە پڕۆژەی رووناکی لە گەرمیان بکەوێتە کار، بەڵام پێیان راگەیاندین جارێ ماویەتی و دیاریش نییە کەی دەکەوێتەکار”.
“ئێمەش نازانین کەی کارەبای گەرمیان دەبێتە 24 کاتژمێری، ئێمە لایەنی جێبەجێکارین و چاوەڕێی قسەی پڕۆژەی رووناکین”، حازم کەریم وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆکاری کەمبوونەوەی کارەبا و گرفتی کەمی غاز، پڕۆژەکە لەگەرمیان نەکەوتووەتە کار، پێیان وتراوە ھەرکات گرفتی کارەبا نەما ئەوکات لە گەرمیانیش دەستپێدەکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری