کۆیە؛ تیمی غەواسی تەقتەق هاووڵاتییەکیان لە خنکان رزگار دەکەن

964+

پەری ساڵح

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی نەخوازراودا لە سنووری قەزای کۆیە، هاووڵاتییەک لە مەترسیی خنکان رزگارکرا، ئەمەش دوای ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هانایەوە چوون و توانییان بە سەلامەتی بیگەیەننەوە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کۆیە، رووداوەکە لە سنووری ناحیەی ئاشتی و بە دیاریکراوی لە گوندی (بۆگد) روویداوە. ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی گەشتوگوزار و بەسەربردنی کاتی خۆش رووی لەو ناوچەیە کردبوو، بەڵام بەهۆی سەرکێشی و نەشارەزایی لە مەلەکردندا، کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە خەریکبووە گیان لەدەستبدات.

بەرگری شارستانی کۆیە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە، ڤیدیۆیاتی کاتی رزگارکردنی هاووڵاتییەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە غەواسەکان چۆن بە لێهاتووییەوە توانیویانە لە کاتێکی گونجاودا کۆتایی بەو دۆخە ترسناکە بهێنن و ژیانی بپارێزن.