ئەحمەد خاتەمی: بەهۆی "سەخت"ی برینەکەیەوە دەرنەکەوتووە

بۆ دووەمجار ئێران بە فەرمی برینداربوونی موجتەبا خامنەیی پشتڕاستدەکاتەوە

فەرهاد حەسەن

بەرپرسێکی باڵای ئێران برینداربوونی “سەخت”ی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی دووپاتدەکاتەوە، کە لە یەکەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی قاچی به‌ سه‌ختی برینداربووە.

کەناڵی حەدەس بڵاویکردوەتەوە ئەحمەد خاتەمی، ئەندامی مەجلیسی کارناسانی ئێران، لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی سیرجان وتویەتی، سەختی برینی قاچی رێبەری باڵا وایکردووە کە نەتوانێت لە دوای هەڵبژاردنییەوە بە رێبەر لەبەردەم خەڵکدا دەربکەوێت.

ئەو زانیاریانەی ئەحمەد خاتەمی لەسەر برینداربونی موجتەبا خامنه‌یی دوای ئەوە دێت کە رۆژی 18.5.2026 وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران بۆ یەکەمجار ‌ ورده‌كاری سەنارەت بە به‌ بارودۆخی ته‌ندروستی موجته‌با خامنه‌یی بڵاوکردەوە و ئاشكرا كرد کە “روخساری نه‌شێواوه‌ و ته‌نیا له‌ بۆردومانێكدا قاچی زیانی پێگه‌یشتووه‌ و برینداربووه”.

به‌ پێی راپۆرتی ئەوکاتی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، حسێن كرمانپور به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی پێوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان و راگه‌یاندن له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند، “له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌، زانیمان كه‌ موجته‌با خامنه‌یی رێبه‌ری باڵا له‌ یه‌كه‌م رۆژی شه‌ڕدا گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سینا و مژده‌ی خۆشیش بۆ ئێمه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ ژیاندایه”.

دەرنەکەوتنی موجتەبا بەومانایە نییە کە نمەتوانێتر هیچ رۆڵێک بۆ بارودۆخی وڵاتەکەی نەگێڕێت بەڵکو پێشترعەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وتبووی پەیوەندی لەگەڵ رێبەری باڵای ئێران بەردەوامە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکاش وتبووی، کە موجتەبا خامنەیی “بە دڵنیاییەوە بەشداربووە” لە دانوستانەکاندا.

موجتەبا خامنەیی، لە ساڵی 1969 لە مەشھەد لەدایکبووە و دووەم کوڕی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و دوای کوژرانی باوکی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بوو بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.