لە پێناو رزگارکردنی ماسییەکان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە
964+
توانا نەقی
هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە وەرزی قەدەغەی راوەماسیدایە، بەڵام بەشێک لە راوچییەکانی ماسی بەردەوامن لە ماسیگرتن و پۆلیسی دارستانیش رێگرییان لێدەکات و تۆڕەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە پەڕەی فەرمی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، کارمەندانی پۆلیسی دارستانی دوکان لە شەوێکی سارد و درەنگدا تۆڕی ماسیی راوچییەکان هەڵدەگرنەوە و ماسییەکانیش رزگار دەکەن.
لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت بەهۆی لێزمەی باران و هەورە بروسکە و شەپۆلی دەریاچەکەوە چەندجارێک مەترسی لە سەر گیانی ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس دروست دەبێت، بەڵام توانیویانە لە ماوەی 10 کاتژمێردا تەواوی دەریاچەکە بپشکنن.
پۆلیسەکان لە ماوەی ئەو 10 کاتژمێرەدا توانیویانە دەیان تۆڕی ماسی لە دەریاچەکە هەڵبگرنەوە و بە دەیان ماسی گەورە و مامناوەند لە تۆڕەکان بکرێنەوە و بخرێنەوە ناو دەریاچەکە.
یەکێک لە کارمەندانی پۆلیس لەناو دەریاچەی دوکانەوە باسی ئەوە دەکات لە کەشێکی زۆر سارد و سارمادان و کەشەکە باراناوییە و تۆڕێکی زۆر دانراوە، بەڵام ئەوان گوێ بەوە نادەن و بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی دەریاچەکە و رزگارکردنی ماسییەکان لە دەستی راوچییەکان.
لە هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەمساڵ لە 5ی ئادارەوە قەدەغەی راوەماسی دەستیپێکردووە و تا 16ی حوزەیران بەردەوام دەبێت.