چەند کۆد کراوە؟
خەریکی دۆمینەن؛ چوار رۆژە بێ سەرەتاکانی سەیدسادق لە نۆرەدان
بڕوا مەجید – سەیدسادق
وا چوار رۆژە لە قەزای سەیدسادق، دەست کراوە بەپڕۆسەی کۆدکردن بۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، ئەو کۆدە نەکەن ئاسایش ناهێڵێت داخڵی شارەکان و تایبەتر سلێمانی ببن، لە قەزاکە بە دەیان ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامە گشتییەکان نۆرەیان گرتووە.
ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زۆرە و هەریەکە و گرفتێکی هەیە.
محەمەد رەفیق، خاوەن ئۆتۆمبێلێکی بێسەرەتایە ئەو بەدەم دۆمینە کردنەوە بە 964ی وت، ماوە چوار رۆژە لە نۆرەی کۆدکردندان، لەناو سەیارەکانیان دەخەون و نان دەخۆن، رۆژانەش بە یاریکردن و دۆمینە خۆیان سەرقاڵ دەکەن.
ئۆتۆمبێلێکی زۆر نۆرەیان گرتووە تا خۆیان لای ئاسایش بناسێنن، محەمەد وتی، ئێمەش دەبێ هاوکای برایانی ئاسایش بکەین، لەسەرشەقامەکە بووینەتە بارگرانی بۆ خۆمان و بۆ هاوڵاتیانیش، هیوادارین زوو تەواوبکرێ پڕۆسەکە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئاسایشی قەزای سەیدسادق بە 964ی وت، بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا ل قەزاکە، رێژەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سەیدسادق هەیە، بۆ رایکردی مامەڵەکانیان دوو کارمەندمان لەرێگای دووکۆمپیوتەری تایبەت بەکۆد ئیشەکانیان رای دەکەن.
سەرەڕای کەمی کارمەند گرفتی نەبوونی کۆدی کەسی هاوڵاتییان کە مەرجە بۆ کۆدی ئۆتۆمبێلەکەیان پێیان بێت گرفتێکی ترە کە دەستی گرتوون، ئەو وتی، پڕۆسەی کۆدی کەسی 40خولەکی دەوێ، لە کاتێکدا کۆدکردنی ئۆتۆمبێلەکە ناچێتە 15 خولەک.
بە گوێرەی داتای بەردەست، نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سەیدسادق هەن، لەو رێژەیە تائێستا توانراوە 440 ئۆتۆمبێل تۆمار بکرێ و کۆدی پێ بدرێت، هۆکاری سەرەکی مانەوە ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل، وەک سەرچاوەکە دەڵێ، زۆر ئۆتۆمبێلەکان و نەبوونی کۆدی شەخسی شۆفێرەکانە، وە پڕۆسەکە تاجەژن بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا