هەڕەشەی داخستنی رێگای سەرەکی دەکەن
“جیاکاریکردن” جوتیارانی کەرکوکی هێنایە سەر شەقام و مۆڵەتی دوو رۆژ دەدەن بە حکومەت
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جوتیارانی کەرکوک، بە کورد و تورکمان وعەرەب لەبەردەم بینای پارێزگای کەرکوک گردبونەوە و مۆڵەتی دوو رۆژ دەدەن بە ئیدارەی شارەکە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان چونکە دەڵێن جیاکارییەکی زۆر لەنێوان جوتیارانی ناوچەکان دەکرێت بەهۆیەوە ئەوان زەرەرمەندن.
داواکارن نرخی وەرگرتنی گەنم هاوتابکرێت نەک ئەوانەی لەناو پلانی کشتوکاڵین تۆنی بە 700 هەزار و ئەوانیش کە لەناو پلانەکە نین بە 200 هەزار دینار کەمتر لێیان وەردەگیرێت و کێشەیەکی زۆریشیان لەگەڵ بازگەکان هەیە.
دلێر عەبدولباقی جوتیارێکی کەرکوکە بە964ـی وت، ئەو زوڵمەی سەر ئەوان زۆر گەورەیە داوادەکەن نرخی وەرگرتنی گەنمەکەیان بۆ هاوتا بکرێت، دەشڵێت “لە بازگەکانیش کێشەمان بۆ دروست دەکەن و بە 300 هەزار دینار بارهەڵگرێک گەنم لەبازگاکان تێدەپەرێت”.
مام خەسڕۆ، جوتیارێکی ناوجەی ساڵەیە بە964ـی وت، ئەم کێشانە چارەسەر نەکرێن رێگای کەرکوک دادەخەن.
لایخۆشییەوە، عەبدوڵا میروەیس سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، داواکاریەکانیان مافی رەوای خۆیانە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕیارەکانی حزبی بەعس دوای هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن پەرلەمانی عێراقیە تاکو ئێستا جێبەجێ ناکرێت.
وتیشی “ئێمە پاڵپشت داواکارییەکانیان دەکەین چونکە ئەوە مافی جوتیاران خۆیانە”.
پێداچوونەوە ؛ فەرهاد حەسەن