دوای 72 رۆژ چارەنووسیان ئاشکرابوو
باندێکی قاچاخچی 8 گەنجی کوردی بەبارمتە گرتووە
فەرمان مەلاحەسەن – راپەڕین
دوای 72 رۆژ چارەنووسی هەشت گەنجی کورد ئاشکرابوو و دەرکەوت لەلایەن باندێكی قاچاخچییەوە لە لیبیا دەستبەسەرن و داوای پارە لە کەسوکاریان دەکرێت.
بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە 964ـی وت، ” هەشت گەنجی هەرێمی کوردستان کە حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن، لە رێگای چوون بۆ ئەوروپا بێ سۆراغ بوون، دوای 72 رۆژ ئاگادار کراینەوە کە لە لیبیان و لەلایەن باندێكی قاچاخچییەوە دەستبەسەرن، باندەکە بۆ ئازادکردنیان داوای پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار دەکات”.
قاچاخچییەکە بەنەتەوە سورییە و لە لیبیا دەژی، بەڵام چەرچی و دەڵالێکی لەگەڵە کە کوردە و خەڵکی راپەڕینە، بەقسەی بەکر عەلی ئەگەر کەسوکاری ئەو گەنجانە پارەکە نەدەن، رەنگە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست ببێت.