لە فڕۆکەخانەى بەغدا دابەزیون

لەبارەى دابڕانى دوو حاجى کورد روونکردنەوە دەدرێت

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەى هەرێم، روونکردنەوە لەبارەى دیارنەمان و هەڵبڕانى دوو حاجى هەرێمەوە دەدات کە لە فڕۆکەخانەى بەغدا دابەزیون و دەڵێت: ئەو بابەتە دوورە لە راستى و هیچ حاجییەکیان بزر نەبووە.

لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنى دابەزینى دوو حاجى کورد لە فڕۆکەخانەى بەغدا بڵاوکرایەوە کە گوایە لە حاجیانى هەرێم دابڕاون و رێگایان ونکردووە، لەسەر ئەو بابەتە کاروان ستوونى وتەبێژى حەج و عومرەى کوردستان وتى،”هیچ حاجییەکمان وننەکردووە یان بە نەشارەزایى لەگەڵ حاجیانى بەغدا سەرکەوتووبن، بۆیە ئەو هەواڵەى بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە”.

بەوتەى ستوونى، ئەو دوو حاجییە لەگەڵ حاجیانى هەرێم گەشتیان نەکردووە، تەنانەت ئەو جانتایەى پێیان بووە هى دەستەى باڵاى حەج و عومرەى عێراقىیە و جیاوازن لە جانتاکانى ئێمە.

روونى دەکاتەوە، هەندێ حاجى کورد کە پێیان دەوترێت “حاجى موجامەلە”، لە رێگەى بەغدا یان پەرلەمانى عێراقەوە ڤیزایان وەرگرتووە و لەگەڵ دەستەى باڵاى حەج و عومرەى عێراقى گەشتیان کردووە.