"سەرووی 150 منداڵن"
کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە گەیەندرایە پەرلەمانی عێراق
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لقی ھەڵەبجەی رێکخراوی لاھای بۆ پرسی جینۆساید بۆ 964 ئاشکرای دەکات کە کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەیان گەیاندووەتە پەرلامانی عێراق و پێویستە لەوێوە بۆ وڵاتی ئێران کاری لەسەر بکرێت.
کوێستان شێخ ئەکرەم، لێپرسراوی لقی ئەم رێکخراوە دەڵێت، ئەمڕۆ یاداشتێکی پێنج خاڵییان لەسەر ئەم کەیسە لە رێگەی پەرلەمانتارێکەوە داوەتە پەرلەمانی عێراق تاوەکو بە فەرمی کاری لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی کەیسەکە لەسەر ئاستی وڵات و حکومەتی ناوەندی ئیشی لەسەر بکرێت”.
وتیشی “ئەو لیژنانەی پێشتر کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووە هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکاریان نەبووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو ئامارەی لە رێکخراوەکەیان تۆمار کراوە سەرووی 150 منداڵی ونبوو لە ھەڵەبجە ھەیە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی پار لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئامارێکی فەرمی ئەو منداڵانەی دابووە 964 کە لە شارەکەیدا وونبوونە، کە ژمارەیان 119 منداڵن و 76 خێزان لە چاوەڕوانی هاتنەوەیاندان.
هەر بە پێی ئامارەکانی ئەو کۆمەڵەیە، بەهۆی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، 212 کەیسی بێسەروشوێن بوون تۆمارکراون کە لەو ژمارەیە 118ـیان کەیسی ونبوونی منداڵانە، لە رابردووشدا چەند کەیسێکی گەڕانەوەی ئەو منداڵانە هەبوون، بەڵام تەنها دوو لەو کەیسانە بە تەواوی یەکلاکرانەوە و گەڕانەوە لای خێزانەکانیان.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن