لە خورماتوو
ئەکاونتێکی فەیکی فەیسبوک دڵەڕاوکێی خستە نێوان کەسوکاری شەش گەنجەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر کە ناوچەکەی گرتەوە، ئەو شەش گەنجەی خەڵکی قەزای خورماتوو کە ئێوارەی دوێنی بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لە گوندی “خۆرنەوازان” لە سنووری ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو کردبوو، بە سەلامەتی دۆزرانەوە.
رووداوەکە کاتژمێر 9ـی شەوی رابردوو دەستی پێکرد، کاتێک نامەیەکی گوماناوی لە سەر ئەکاونتی فەیسبوکی یەکێک لە گەنجەکانەوە بۆ کەسوکاریان نێردرا، کە تێیدا ئاماژە بە کوژرانی گەنجەکان کرابوو، ئەم نامەیە بووە هۆی دروستبوونی شۆک و نیگەرانییەکی زۆر، بەتایبەت دوای ئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ گەنجەکان پچرا و مۆبایلەکانیان داخرابوو.
دەستبەجێ کەسوکاری گەنجەکان هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردەوە و هێزێکی هاوبەش لە پێشمەرگە، ئاسایش و کۆماندۆ گەیشتنە ناوچەکە، بەهۆی هەستیاری ناوچەکە و مەترسییەکانی بوونی پاشماوەکانی داعش، هێزەکان بە وریاییەوە گەمارۆی ناوچەکەیان دا، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا هەواڵی کوژرانی گەنجەکان لە ناوچەکە و لەلایەن هەندێک فەرماندەی سەربازی و زۆرێک لەپەیچ و کەناڵەکانی راگەیاندنەوە وەک ئەگەرێکی بەهێز بڵاوکرایەوە، بەڵام دەرکەوت کە دۆخەکە بەو جۆرە نەبووە.
جواد کازم، باوکی یەکێک لەو گەنجانە بە964ـی راگەیاند،” وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی، روونیکردەوە کە هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو دڵەڕاوکێیە نەبوونی تۆڕی پەیوەندی “شەبەکە” بووە لەو ناوچەیە، سوپاسی خودا دەکەین کە کوڕەکانمان بە سەلامەتی بینیوەتەوە، ئەوان تەنیا لە شوێنێک بوون کە شەبەکەی مۆبایلی لێ نەبووە و خەویان لێ کەوتووە، ئەو نامەیەی کە بۆ ئێمە هاتبوو، تائێستا نازانین کێ ئەو کارەی ئەنجام داوە و هێزەئەمنیەکان لەلێکوڵینەوەدان بۆ دۆزینەوەی.
راشیگەیاند، کاتێک گەیشتینە شوێنەکە، بینیمان بە ئارامی خەوتوون و هیچ رووداوێکی ئەمنیی نەخوازراو رووی نەداوە و پاش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی گەنجەکان، کۆتایی بەو نیگەرانییە هات کە لە کاتژمێر نۆی شەو تاوەکو دووی بەرەبەیان قەزای خورماتوو و بەشێک لەشارەکانی تریان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح