سەرەگرتنی خانەنشینان لەبەردەم بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بۆ وەرگرتنی موچە - وێنە: 964
بڕیارێک لە وەزارەتی داراییەوە
بۆ دەركردنی فەرمانی خانەنشینبوون مەرجی دیکەش زیادکرا
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی دارایی رێکارەکانی خانەنشینبوونی ئەو فەرمانبەرانەی کە بەهۆی نەخۆشییەوە داوای خانەنشینبوون دەکەن، زیاتر کرد و بڕیارە نوێیەکان جەخت لەسەر وەرگرتنی بڕیاری کۆتایی لەلایەن لیژنەی تێهەڵچوونەوەی پزیشکی دەکەنەوە پێش دەرکردنی فەرمانی خانەنشین بوون.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی فەرمی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان ناردووە.
ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و جێبەجێکردنی دروستی یاسا و رێنماییەکان، گۆڕانکاری لە رێکارە یاساییەکانی خانەنشینبوونی ئەو فەرمانبەرانەدا کراوە کە بەپێی راپۆرتی پزیشکی داوای خانەنشینبوون دەکەن.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، چیتر پشت بە راپۆرتە پزیشکییە لاوەکییەکان نابەسترێت بۆ دەرکردنی فەرمانی خانەنشینبوون.
هەر فەرمانبەرێک داوای خانەنشینبوون بکات بەهۆی نەخۆشییەوە، فەرمانگەکەی ناتوانێت تەنیا پشت بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی لاوەکی ببەستێت.
وەزارەتی دارایی دەڵێ، نابێت هیچ فەرمانێک دەربکرێت تاوەکو بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرناگرێت و دڵنیایی تەواو لە باری تەندروستی فەرمانبەرەکە ناکرێتەوە، هەروەک رێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک، پێویستە لە ماوەی دیاریکراوی یاساییدا تانە لە بڕیاری لیژنە سەرەتاییەکان بدرێت لەبەردەم لیژنەی تێهەڵچوونەوەی پزیشکی.