کەشناسى هەرێم:
سێشەممە بارانبارین و تۆزوخۆڵ هەرێمى کوردستان دەگرێتەوە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوورەوە، لە دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە (6ی تشرینی یەکەمی 2026) شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلەکە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ بە نمەباران دەستپێدەکات و دواتر دەگۆڕێت بۆ بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە. پاشان شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و ئیدارەی سۆران، تا دواجار کاریگەرییەکەی تەواوی سەنتەری پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان دەگرێتەوە و نمەبارانی پچڕپچڕی لێ دەبارێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، هاوکات لەگەڵ شەپۆلەکەدا پلەکانی گەرما چەند پلەیەک نزم دەبنەوە. هەروەها خێرایی با لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک و بەشێک لە گەرمیان بۆ سەروو 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، کە ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی کەمێک تۆزوخۆڵی لێ دەکەوێتەوە.
پێشبینی دەکرێت بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە بەتەواوی کۆتایی بێت و کەشوهەوا ئاسایی ببێتەوە.