سەرەتای مانگی داهاتوو دەكرێتەوە

پردە سەرەكییەكەی دوكان چیمەنتۆ كرایەوە و جارێ هاتوچۆی بەسەردا ناكرێت

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی هەشت رۆژە پردە سەرەكییەكەی دوكان بە رووی هاتوچۆی شۆفێران داخراوە، بەهۆی چاكسازیكردن لە جۆینەكانی پردەكە و بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانیش دەڵێت، بۆ ئەوەی چیمەنتۆی جۆینەكان خۆی بگرێت، پێنج رۆژی دیكەش بە داخراوی دەمێنێتەوە.

پردەكە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر، ئیدارەی راپەڕین بەیەكەوە دەبەستێتەوە، سێ جۆینی هەیە و بۆ سەلامەتی پردەكە چاكسازی تێدا كرا و لە 19.9.2026 بۆ نۆژەنكردنەوەی داخراوە و بڕیارە لە 1.10.2026 بكرێتەوە.

لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی كاتەكەی، جەلال ئەحمەد بەڕێوەبەری چاكردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی بە 964ـی وت، لای ئێمەوە ئەو كاتە دانەنراوە و ئاگاداری ئەوە نین و قایمقامیەتی دوكان لای خۆیەوە ئەو كاتەی دیاریكردووە، تیمەكانمان بە شێوازێكی ئەندازیاری بەكارەكە هەستاون و وردەكارییەكانی پێویستی بەو كاتەیە تاوەكو كارەكە بەسەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.

“سەرەتا تیمەكان جۆینەكانیان پاكردووەتەوە و بە شێوازێكی ئەندازیاری ئامادەیان كردووە بۆ چیمەنتۆكردنی، ئێستاش بۆئەوەی چیمەنتۆكە خۆی بگرێت پێویستی بە پێنج رۆژی دیكەیە و رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەڕووی شۆفێراندا دەكرێتەوە” جەلال ئەحمەد وای وت.

پێشوتر بڕیار بوو لەماوەی تەنیا هەفتەیەك كارەكانی پردەكە تەواو بكرێت، بەڵام بەم شێوەیە كاتی كردنەوەی بۆ نزیكی دوو هەفتە درێژكرایەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی