هەشت ساڵ لەمەوبەر لە بەغدا راگهیهندراوە
عێراق خزمەتگوزاری “تاکسی رووباری” لە زۆربەی پارێزگاکان دەستپێکرد
فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پڕۆژەی “تاکسی رووباری” لە چەند پارێزگایەک راگەیاند و ئێستا دەستی بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کردووە کە پشتبەستەیە بە پلانێکی گشتگیر کە سێ تەوەر لەخۆدەگرێت.
“تاکسی رووبار” پڕۆژەیەکی گواستنەوەی گشتییە لە عێراق لە ساڵى 2018هوه لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و گەشتکردن بە رێگای ئاوی لە رووباری دیجلە لە بەغدا راگهیهندراوه.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رۆژنامەی (سهباح)ی راگهیاندووه، پڕۆژەکە سێ تەوەر لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان، دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە لە شوێنی نوێ، کە ئەویش پارێزگای ئەنبارە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە، لەناو قەزاکانی فەللوجە، رومادی، حەبانییە و هیت، بە ئامانجی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی هاوچەرخ و ناوازە بە هاوڵاتیان.
تەوەری دووەم، چالاککردنەوەی پڕۆژەکەیە لەو پارێزگایانەی کە بەهۆی جیاجیاوە تێیدا ڕاوەستابوو، کە ئەوانیش بریتین لە پارێزگاکانی بەسرە، واست، نەجەف و بابل. بەڵام تەوەری سێیەم، ئامادەکردنی لێکۆڵینەوەی تێروتەسەلی ئابوری و تەکنیکی دەگرێتەوە بۆ کارپێکردنی پڕۆژەکە لە داهاتوودا لە پارێزگاکانی زیقار، نەینەوا و سەڵاحەدین، بە مەبەستی بەشداریکردن لە بوژاندنەوەی جوڵەی گەشتیاری و ئابووری لەو ناوچانەدا جێبەجێ بکرێت.
ئەوەشی روونكردووەتهوه، کارەکانی پڕۆژەکە لە چوارچێوەی تەوەری یەکەم و سێیەمدا، دیاریکردنی شوێنی دروستکردنی لەنگەرەکان، جۆری بەلەمە گونجاوەکان و دیاریکردنی قوڵایی رووبارەکانی گرتوەتەوە، بەتایبەت دوای بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات، سەرەڕای داڕشتنی میکانیزمی کارپێکردن و هەڵسەنگاندنی ئابوری بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتن و بەردەوامیپێدانی پڕۆژەکە.
ئهوهشی وت، “پڕۆژەکە وەک یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکان بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتوچۆی شارەکان دادەنرێت، لەگەڵ رۆڵی لە رەخساندنی کەشێکی کاتبەسەربردنی شیاو بۆ خێزانەکان و چالاککردنی گەشتوگوزاری ناوخۆیی، بەتایبەت لەو شارانەی کە دەکەونە سەر رووبار و سەرچاوە ئاوییەکان”.
لە ئێستادا وەزارەتی گواستنەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو بەلەمانە دەستیپێکردووە کە سەر بە وەزارەتن، چ ئەوانەی ئێستا کار دەکەن یاخود ئەوانەی لەکارکەوتوون، تاوەکو بخرێنە ناو هێڵە نوێیەکانەوە.