نرخی نەوت سەربەرەوخوار بووەوە
دوای نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران
نرخی نەوت سەربەرەوخوار بووەوە
شۆڕش قادری
دوای هێوربوونەوەی گرژییەکان و نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران، نرخی نەوت سەربەرەوخوار بووەوە و ئەمڕۆ نرخی هەر بەرمیلێک لەبن 79 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.8.2026 و لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 78 دۆلار و 82 سەنت دیاری کراوە و نرخەکەی بەراورد دوێنێ شەو بەڕێژەی 0.68٪ دابەزیوە.
هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساس بە 75 دۆلار و 13 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و ئەویش نرخەکەی بەڕێژەی 0.84٪ دابەزیوە.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ پاشگەزبووەوە لە هێرشی فراوانی سەر ئێران و دوێنێش مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “پێشکەوتنی باشمان لە گفتوگۆکانی نێوانمان لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، بەڵام ئومێد هەیە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بگەینە رێککەوتن”.