خولەچەخماخە قەدەغەیە
کارگەی شانۆ و سەنتەری میترۆ بڕیارێکی پۆلیس بۆ سانسۆری کاری هونەریی رەتدەکەنەوە
964+
وریا فەتاح
کارگەی شانۆ لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن سەنتەری میترۆوە پشتیوانی لێدەکرێت، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەربڕی. بڕیارەکە داوای سانسۆرکردنی ئەو فیلم، شانۆگەریی و درامایانە دەکات کە کارەکتەری پۆلیسیان تێدایە، “بێڕێزى” بە کارەکتەرى پۆلیس دەکرێت.
کارگەی شانۆ ئەم بڕیارەی بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی مۆسۆلینی و بەرتەسککردنەوەی توندی ئازادیی رادەربڕین وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی ئەم پێوەرە، دەیان دەقی جیهانی و کوردیی ناودار وەک “تەنەکە” و “خولەچەخماخە” دەکەونە خانەی قەدەغەکردنەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە وەزارەتی رۆشنبیری لەبری پاراستنی هونەرمەندان، رێنمایی لە دامەزراوە ئەمنییەکان وەردەگرێت. لە کۆتاییدا، کارگەی شانۆ داوای لە سەندیکای هونەرمەندان و وەزیری رۆشنبیری کرد هەڵوێستی رژدیان هەبێت و کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم بڕیارە بکەن، جەختیشیان لەسەر سازشنەکردن لەسەر ئازادیی بیرکردنەوە و داهێنان کردەوە.