کوردێک لە قوبرس بە تۆمەتی تیرۆر دادگایی دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هاوڵاتییەکی کوردی تەمەن 49 ساڵ، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر داواکرابوو، لە فڕۆکەخانەی لارناکا لە قوبرس دەستبەسەر کرا.

بەپێی بڵاوکراوەکانی میدیای ئەڵمانیا و قوبرس، تۆمەتبارە کوردەکە ناوی کیناس ئەیاس-ـە و رۆژی چوارشەممە، 15ی ئازار دەستگیرکراوە، بڕیار بوو رۆژی پێنجشەممە، 16ی ئازار دانیشتنێکی دادگا لە یۆنان لەدژی ئەو بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی” بەڕێوەبچێت.

داواکراوە دۆسییەکانی کیناس ئەیاس وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی

بەڵام لەسەر داوای پارێزەرەکەی، کە داوایکردبوو دۆسییەکان وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی و پێداچوونەوە بە داواکەی ئەڵمانیادا بکرێت، دانیشتنەکەی دادگا لە رۆژی 15ی ئازار هەڵگیرا و دواخرا بۆ 21.3.2023، واتە پێنج رۆژی دیکە.

ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساغ ببێتەوە، رەنگە سزای زیندانیکردنی تا 10 ساڵ بەسەر گومانلێکراوەکەدا بسەپێنرێت.

تا ئێستا نازانرێت ئەیاس خەڵکی کوێیە، بەڵام بەپێی راگەیەندراوێکی ناوەندی رۆشنبیری کوردستان، ناسراو بە ‘Theofilos، ئەیاس وەک پەنابەرێکی سیاسی ناسێنراوە و ماوەی چەند ساڵێکە لە قوبرس دەژی.