"ئیعدامم بکەن بەس غەدر لەو کوڕانە مەکەن"

دادگایی لاهور شێخ جەنگی بەردەوامە و دادگا پێداچوونەوە دەکات

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دادگایی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەس لە گیراوانی لالەزار بەردەوامە و دادگا ئێستا کاتی وەرگرتووە بۆ پێداچوونەوە.

پەیامنێری 964 لەبەردەم دادگای سلێمانی زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات و بە وردی پێتان دەڵێت، تا ئێستا لەناو دادگا چی روویداوە.

دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی 30 خولەک لایەحەی خۆیان خوێندەوە و رەخنەیان لە بڕیارەکانی دادگا گرتووە و دەڵێن، “ئەو کەسانە لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

نوێنەری 964 لەناو هۆڵی دادگایە و  دەڵێت، لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم دادوەر وتی، “با ئەم کوڕی فەقیر و هەژارانە بە ئاگری منەوە نەسووتێن، ئامادەم ئیعدامم بکەن بەڵام غەدر لەو کوڕانە مەکەن”.

هەروەها وتە لە رێبوار قودرەتی قەناس بەدەست وەرگیراوە و وتوویەتی، ئەو شێت نییە و لە 2016 چووەتە ئەڵمانیا بۆ چارەسەر، دکتۆر وتوویەتی دەمارێکی سەری لاوازە، لاهور شێخ جەنگیش وتوویەتی، هەر خۆی چەند جارێک ناردوویەتی بۆ چارەسەر، دادگاش ئەوەی سەلاماندووە، کە رێبوار بە هۆشیارییەوە ئەو کارەی کردووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە.