دادگای کەرخ لە بەغدا - وێنە: 964
لەسەر کەیسی زیادەڕۆییەکی دۆرە
دوو سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو پۆلیسی عێراقی
ئەحمەد مستەفا
دادگای تاوانەکانی کەرخ ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبارێکدا سەپاند، بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەفسەری پۆلیسی عێراقی لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمییان لە ناوچەی دۆرەی بەغدا.
بەپێی راگەیاندنێکی دادگای تاوانەکانی کەرخ کە 964 بینوویەتی، تاوانبارەکە عەمید هشام محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمانەی بەغدا/کەرخ، و موفەوەز خالد عەباس، ئەندامی هەمان بەشی بە تەقەکردن کوشتووە.
رووداوەکە لە کاتی هەڵمەتێکی تایبەت بۆ لادانی زێدەڕۆییە نایاساییەکان لەسەر زەوییەکان لە ناوچەی دۆرە روویداوە، کاتێک هەردوو پۆلیسەکە لە چوارچێوەی مەفرەزەیەکی تایبەتدا ئەرکی فەرمییان جێبەجێ دەکرد.
دادگا رایگەیاندووە تەقەکردنەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی هەردوو ئەفسەرەکە، و بەپێی بڕیاری دادگا، تاوانبارەکە بەرپرسیارێتی ئەو تاوانەی هەڵگرتووە.
هەردوو سزاکەش بەپشتبەستن بە ماددەی 406/1/أی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969، بە هەموارکراوی دەرچوون.