تەنیا ئەمڕۆ

مەسرور بارزانی لە بەغدا نۆ کۆبوونەوەى لەگەڵ گەورە بەرپرسان ئەنجامدا

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە بەغدا و بەپێی خشتەی سەردانەکەی، نۆ کۆبوونەوەى یەک لەدوای یەکی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا، کە تەوەرەی سەرەکیی سەرجەمیان چارەسەرکردنی کێشەکان بوو لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەپێى راگەیەندراوەکانى حکومەتى هەرێم، پوختەی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانى بەم ریزبەندییەی خوارەوە بەڕێوەچوون:

یەکەم: لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، لەگەڵ عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە. تێیدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پارێزگاریکردن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کرایەوە.

دووەم: لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەو پڕۆژەیاسا نیشتمانییانەی مافی پێکهاتەکان دەپارێزن، بە لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێم.

سێیەم: لە دیدارێکدا لەگەڵ عەبدول حوسێن مووسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (نەهج)ـی نیشتمانی، پیرۆزبایی دەستبەرکاربوونی وەزیری نوێی تەندروستیی فیدراڵی لێکرد و جەختیان لە خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە کردەوە.

چوارەم:  دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە. لەم دیدارەدا رۆڵی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە پاراستنی سەقامگیری و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و سیستەمی فیدراڵیدا دووپات کرایەوە.

پێنجەم: لەگەڵ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی (عەزم) کۆبووەوە، باسیان لە پێویستیی هاریکاریی نێوان لایەنەکان کرد بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکان و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

شەشەم: دواتریش محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم پێشوازی لە سەرۆکی حکومەت کرد و بە فەرمی پشتیوانیی خۆی و پارتەکەی بۆ مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان نیشاندا.

حەوتەم: لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی، جەخت لە هاریکاریی هاوبەشی نێوان پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان.

هەشتەم: لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ کۆبووەوە. تێیدا تیشک خرایە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدراڵ بە دادپەروەرانە و یەکسان خزمەتی گشت هاووڵاتییان بکات.

نۆیەم: لە کۆتا دیداری ئەمڕۆشیدا، لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە لەسەر بنەمای پرنسیپەکانی “هاوبەشیی ڕاستەقینە، هاوسەنگی و سازان”.