ئێران دوو هاوڵاتی عێراقی لەسێدارە دا
بە تۆمەتی سیخوڕی
ئێران دوو هاوڵاتی عێراقی لەسێدارە دا
ئەرسەلان عەبدوڵا
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.5.2026 ئاشکرای کرد، دوو گەنجی عێراقی، کە خەڵکی پارێزگای میسانن، لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە لەسێدارە دراون.
ئەو رێکخراوە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاودەکاتەوە، ئەوە دەخاتەڕوو، دوو هاوڵاتی عەرەبی خەڵکی عەمارە (میسان)ی باشووری عێراق بە ناوەکانی عەلی نادر ئەلعوبێدی، تەمەن 27 ساڵ و فازڵ شێخ کەریم، تەمەن 29 ساڵ،
بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە ناوچەکە دەستگیرکراون و دواتر لە زیندانی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون.
رێکخراوەکە دەڵێت، دەزگای هەواڵگریی ئێران ساڵی رابردوو دوو هاوڵاتییە عێراقییەکەی لە شاری کەرەج دەستبەسەر کردووە و لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و دوای مانگ زیندانیکردن، دواتر سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.