BBC ناسنامەی نهێنی قاچاخچییەکی کورد ئاشکرا دەکات
هەزاران کەسی بە قاچاغ رەوانەی بریتانیا کردووە و لە هەرێمی کوردستان دەستگیركرا
فەرهاد حەسەن
تۆڕی هەواڵی(BBC) بڵاویکردووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی کە تێیدا ناسنامەی نهێنی قاچاخچییەکی ناسراوی کورد بە ناوی “کاردۆ جاف” ئاشکرا کرا، کە لەلایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی راپۆرتێکی BBC، ئەو گەنجە 28 ساڵەیە تۆمەتبارە بەوەی یەکێکە لە سەرکردە سەرەکییەکانی تۆڕێکی گەورەی “قاچاخچێتی مرۆڤ” کە لە ساڵانی رابردودا هەزاران کۆچبەری بە نایاسایی رەوانەی وڵاتەکەیان کردووە.
کاردۆ جاف بۆ ماوەی چەندین ساڵ توانیبوی ناسنامەی راستەقینەی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە و چەندین ناوی خوازراوی بەکاردەهێنا، ئەم تەکتیکە وایکردبوو کە دەزگا نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێکردنی یاسا نەتوانن بە ئاسانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکەن، تاكو ئەوکاتەی تیمی BBC لە ڕێگەی پۆدکاستی “To Catch A King” ناسنامەکەیان ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، لێکۆڵینەوەکە دەریخستوە کە شارۆچکەی رانیە لە هەرێمی کوردستان بووەتە چەقێکی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی کۆچی نایاسایی.
باسی لەوەشكردووە، کاردۆ جاف سۆشیاڵ میدیای وەک پلاتفۆرمێکی بازرگانی بەکارهێناوە و تێیدا ریکلامی بۆ گەشتە نایاساییەکان کردووە، ئەو خزمەتگوزارییەکانی لە ئەفغانستانەوە تاوەکو بریتانیا بڵاوکردبوەوە و وێنەی سەرنجڕاکێشی لەندەنی بەکاردەهێنا بۆ راکێشانی گەنجان، لە کاتێکدا زۆربەی گەشتەکان مەترسی مردنیان تێدا بووە.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە BBC بە ناسنامەی خوازراوەوە ئەنجامیداوە، جاف نرخی گەشتێکی “VIP” بە فڕۆکە بۆ خێزانێک بە 160 هەزار پاوەند خەمڵاندووە، لە بەرامبەردا، ئەو کۆچبەرانەی پارەی کەمتریان پێبوە، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا و بە بەلەمی پڕ و مەترسیدار لە کەناڵی ئینگلیزیدا جێهێڵدراون.
هەرچەندە کاردۆ جاف لە کاتی رووبەڕوبونەوەیدا هەموو تۆمەتەکانی رەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی كردووە کە تەنیا “رێنمایی” بە خەڵک داوە، بەڵام دەزگای نیشتمانیی تاوان لە بریتانیا (NCA) دەستگیرکردنی ناوبراوی بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و کاریگەر ناوبرد لە هەوڵەکان بۆ تێکشکاندنی تۆڕە گەورەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ.
لە ئێستادا کاردۆ جاف لە هەرێمی کوردستان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەم کەیسە نیشانیدەدات کە قاچاخچییەکان تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی ئەوروپاش بن، چیتر ناتوانن بەبێ سزا بمێننەوە، و هاوکاری نێوان میدیا و دەزگا ئەمنییەکان دەتوانێت ناسنامە شاراوەکان ئاشکرا بکات.