"بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو کەپرە بووە"
شارەوانی سلێمانی کەپری خێزانێک دەڕوخێنن
ژووری هەواڵ
شارەوانی سلێمانی کەپرێک لە گەڕەکی سەرەوری دەڕوخێنن کە لە جێگەیەکی زیادەڕەوی دانراوە و خاوەنی کەپرەکەش دەڵێت، بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کەپرە بووە.
هەردی هادی، خاوەنی کەپرەکە بە 964ـی راگەیاند، پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادارکراوینەتەوە کە کەپرەکەمان لە شوێنێکی زیادەڕەویدایە، بۆیە ئێمەش هەوڵمانداوە لەرێگەی پارێزەرەوە مۆڵەتی بەکرێدانی بۆ وەربگرین.
خاوەنی کەپەرەکە کە خۆی و هاوسەرەکەی لەو شوێنەدا رۆژانە کار دەکەن وتی،”ئێمە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو کەپرەیە و نزیکەی 12 ملیۆن دینارمان قەرزکردووە تا ئەو شوێنەمان دروستکردووە و ئێستاش هەشت ملیۆن قەرزمان لاماوە”.
شارا جەمال، هاوسەری هەردی باسی لەوەکرد، جگە لە کەپرەکەی ئەوان، لەو شەقامەدا، چەند کەپر و کۆشکی دیکەی لێیە و تەنیا کەپرەکەی ئەوا روخێندراوە.