"چاوەڕێی بەنزینی 450 دیناری بووین"
لە 13 بەنزینخانەی سلێمانی بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێت
رازاو محەمەد – سلێمانی
قەرارە لە 13 بەنزینخانەی سلێمانی بەنزینی 750 دیناری دابەش بکرێ و تاوەکو ئێستاش بەشێک لە شۆفێران لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە و وەریان نەگرتووە.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ـی وت، “سەرەتا بڕیاربوو لە 10 بەنزینخانە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی دابەش بکرێ، بەڵام ژمارەکانمان زیادکرد بۆ 13 بەنزینخانە”.
تاوەکو ئێستاش لە هەندێک لە بەنزینخانەکان بەنزینەکە دابەش نەکراوە و شۆفێران لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە، چەند کەسێکیان قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، ئەوان بەتەمای بەنزینی 450 دیناری بوون بۆ هەر لیترێک، بەڵام هێشتا 750 دینارییەکەشیان وەرنەگرتووە.
ئەوان پێیانوایە، حکومەت دەتوانێ هاوشێوەی هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق بەنزین بە 450 دینار و بە کوالێتی باش بەسەر شۆفێراندا دابەش بکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری