لە ئەنبار

حەوت گۆڕی بەکۆمەڵی ساڵانی هەشتاکان هەڵدەدرێنەوە

ژووری هەواڵ

دەزگای شەهیدانی عێراق لە رۆژی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ لە ئەنبار هەڵدەدەنەوە، کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری زیا کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەمڕۆ شەممە 16.5.2026 بڵاویکردەوە، دەزگای شەهیدان بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان لە یادی رۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکان حەوت گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەداتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، “هەر حەوت گۆڕەکە ئامادەکراون بەمەبەستی دەرهێنانی رووفاتی تەرمەکان و رادەستکردنەوەیان بە بەشی پزیشکی دادوەری بۆ پشکنینی تاقیگەیی و شیکاری دی ئێن ئەی بە مەبەستی دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکان”.

بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرە، بەڵگە تۆمارکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو جێگەیە دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار، بە چەند قۆناغێکی جیاواز پاکتاوکردنی جەستەی مرۆڤی تێدا ئەنجام دراوە.
باسی لەوەش کرد، تەواوی بەڵگە و رووفاتەکان لە چوارچێوەی کەیسە یاساییەکان رەوانەی دادگا پەیوەندیدارەکان دەکرێت، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان و دادگاییکردنی تاوانباران”.
رژێمی بەعس لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو تاوانی ئەنفالی ئەنجامدا کە گەورەترین و رێکخراوترین تاوانی جینۆساید بوو دژ بە کورد ئەنجامدرا.

پرۆسەکە لە سێکتەری سەربازیی جیاواز و لە هەشت قۆناغدا لە 1988 بە سەرپەرشتی راستەوخۆی “عەلی حەسەن مەجید” (ناسراو بە عەلی کیمیایی) بەڕێوەچوو.